Eid al-Fitr

جێژنی ڕەمەزان یان جەژنی ڕەمەزان (بە عەرەبی: عيد الفطر) یەکەم جێژنی موسڵمانانە و لە یەکەم ڕۆژی مانگی شەوال دەست پێدەکات، ئەمەش دوای تەواوبوونی ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزانە. خوای گەورە لە کۆتایی ئایەتی ١٨٥ی سوورەتی ئەلبەقەرە دەفەرمووێت: وَلِتُكْمِلُوا الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُوا اللَّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ. واتە: بۆ ئەوەی ئەو ماوەیە تەواو بکەن شوکرانەبژێری خوا بن لەسەر ئەوەی ڕێنوێنیی کردوون. ماوەی جێژنی ڕەمەزان سێ ڕۆژە و موسڵمانان لەیەکەم ڕۆژی جێژندا و دوای بەرزبوونەوەی خۆر بە ئەندازەی ڕمێک نوێژی جێژن دەکەن. بەڕۆژووبوون لە یەکەم ڕۆژی جێژنەکان حەرامە و وەرگیراو نییە. یەکێک لە جیاکەرەوەکانی جێژنی ڕەمەزان لە جێژنی قوربان بریتیە لەوەی کە دەبێت پێش نوێژی جێژن، موسڵمانان زەکاتی ڕۆژوو دەربکەن و بەسەر موسڵمانە ھەژارەکان دابەشی بکەن. دوای نوێژی جێژن، موسڵمانان پیرۆزبایی ھاتنی جێژن لە موسڵمانانی نزیک خۆیان دەکەن و دوای گەییشتن بەماڵی خۆیان پیرۆزبایی لە ئەندامانی خیزانەکەیان دەکەن و دواتریش سەردانی ناسیاو و خزمە نزیکەکانیان دەکەن. ھەروەھا پێشوازی لە دراوسێ و ئەو کەسانە دەکەن کە سەردانی دەکەن بۆ گەردنازایی و پیرۆزبایی.

شێوازی پیرۆزبایی

جوبەیر کوری توفەیر وتی: «کە ھاوەڵانی پێغەمبەری خوا لە جێژنەکاندا دەگەیشتن بە یەک دەیانووت: تقبل الله منا و منك. واتە: «خوای گەورە لەئێمە و لەتۆشی وەرگرت بێت».[١] بەڵام لە زۆربەی وڵاتەکاندا شێوازی پیرۆزبایی کردن بریتیە لە: «جێژنت پیرۆز بێت، ھەموو ساڵیک بە خۆشی».

شێوازی تەکبیرکردن

شێوازی تەکبیرکردنی جێژنی ڕەمەزان و قوربان یەک شێوازە. ھۆکاری تەکبیرکردن دەگێڕێتەوە بۆ ئەو ئایەتەی کە لە سەرەوەدا ھاتووە. ماوەی تەکبیرکردن لەدوای ڕاگەیاندنی یەکەم ڕۆژی جێژن دەست پێدەکات واتە لە دوای نوێژی خەوتنان، لە دوای نوێژی بەیانی ڕۆژی جێژن بە ھۆی دەنگدەری دەرەکی مزگەوتەکانەوە دەست دەکرێت بە تەکبیرکردن و خوێندنەوەی قورئان، وەکوو دیارە ئاوازی خوێندنەوەی قورئان بە ھۆی جێژن لە زۆربەی شوێنەکاندا جیاوازە و بە تایبەت لە ھەرێمی کوردستاندا خوێندنەوەی سوورەتی ئەلرەحمان باوترە. الله أكبر الله أكبر الله أكبر، لا إله إلا الله والله أكبر، الله أكبر ولله الحمد شێوازی تەکبیرکردنی جێژنە.

خۆشۆردن

خۆشۆردنی جێژن لەسەر موسڵمانان سووننەتێکی پێویستە و لەڕیوایەتێکی ئیبن عەباسدا ھاتووە: أن رسول الله كان يتغسل يوم الفطر و الأضحى. واتە: «پێغەمبەری خوا خۆی شۆردووە بۆ ڕۆژی جێژنی ڕەمەزان و قوربان».

بەربانگکردنەوە پێش نوێژ

سووننەتە کە موسڵمان پێش چوونە بۆ نوێژی جێژن بەربانگ بکاتەوە بەخواردنی چەند خورمایەک کە تاک بن. وەکو ئەنس دەگێرێتەوە و دەڵێت: «پێعەمبەری خوا نەدەچوو بۆ نوێژی جێژنی ڕەمەزان ھەتا چەند خورمایەکی نەخواردایێ کە ژمارەی ئەو خورمایانەش تاک بوون».

نوێژی جێژن و وتارەکەی

نوێژی جێژن (جێژنی ڕەمەزان و قوربان) لەدوو ڕکعات پێکھاتووە و حوکمی نوێژەکەش جیاوازی ھەیە لە نێوان زانایاندا: ھەندێک لە زانایان لەسەر ئەو ڕایەن كە واجبە ‌و ھەر دەبێ بكرێ كە ئەمە پەیڕەوی حەنەفییەكانە ‌و‌ شیخی ئیسلامیش ھەمان ڕای پەسەندكردووە، ھەروەھا پێغەمبەر فەرمانی داوە بەوەی كە ئافرەتان و تەنانەت ئەوانەش حەیزدارن ھەر بێنە دەرەوە بۆ نوێژی جێژنەكان. ئەمانەش ھەموو بەڵگەی گەورەیی و واجببوونیانن.‌ ھەندێكی ترش لە زانایان دەفەرموون كە واجبی كیفایەیە، واتە: ئەگەر كۆمەڵێك لە موسڵمانان بیکەن، ئەوە لەسەر ئەوانی تر لا دەچێت، كە ئەمەش پەیڕەوی حەنبەلییەكانە. كۆمەڵی سێیەمیش لەسەر ئەو ڕایەن كە نوێژی جەژن سوننەتێكی دووپاتكراوەیە (مؤكدە) كە ئەمەش ڕێڕەوی شافعییەكان و مالیكییەكانە. لەپێش کردنی نوێژەکەدا بانگدان قامەتکردن نییە. کاتی ئەنجامدانی نوێژەکە بریتییە لە بەرزبوونەوەی خۆر بەئەندازەی ڕمێک دوای ئەوەی ھەڵھات. لەیەکەم ڕکعاتدا و لە دوای دابەستنی نوێژ، حەوت جار تەکبیر دەکرێت و لەدووەم ڕکعاتدا بۆ پێنج جار کەمدەکرێتەوە. عەبدوڵڵای کوڕی عەبدوڵڵا دەگێڕێتەوە: عومەر کوڕی خەتتاب لە ئەبووواقدی لەیسی پرسیاریکرد: كە پێغەمبەری خوا چی دەخوێندەوە لە قوربان و ڕەمەزاندا؟ وتی: پێغەمبەر ئەم دوو سوورەتەی دەخوێندەوە: ق وَالْقُرْآنِ الْمَجِيدِ و واقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانشَقَّ الْقَمَر. واتە سوورەتی ق و سوورەتی ئەلقەمەر دەخوێندەوە.[٢] ھەروەھا نوعمان کوڕی بەشیر دەڵێت: «پێغەمبەری خوا لە نوێژی جومعە و نوێژی دوو جێژنەکەدا سوورەتی ئەلئەعلا و سوورەتی ئەلغاشيەتی دەخوێندەوە. ھەورەھا سووننەتە کە لە دوای دەرچوون لە مزگەوت بەو ڕێگەیە نەگەڕێیەوە کە لێیەوە بەرەو مزگەوت ھاتووی، چونکە جابر دەڵێت: «بینیم پێغەمبەری خوا لەڕۆژی جێژندا ڕێگاکەی پێچەوانە دەکرد». وتار وتاری نوێژی جێژن لە دوای ئەنجامدانی نوێژی جێژن پێشکەش بە ئامادەبووان دەکرێت و لە دوو وتاریش پێکدێت و ھاوشێوەی وتاری ھەینییە، تەنھا دەبێت بە نۆ جار تەکبیرکردن دەست بە وتنەوەی وتاری یەکەم بکات و لە وتاری دووەمدا بەحەوت جار.

پشووی وڵاتان

بەبۆنەی ئەم جێژنەوە لەزۆربەی وڵاتانی ئیسلامی پشووی ڕەسمییە و ماوەی پشووەکەش بە پێی وڵاتەکان دەگۆڕێت لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەمەش فێربە
cate